ڕۆژنامەى ئەهلى وەک جاسوس کاردەکات یان جاسوسەکان خۆیان کردوەتە ڕۆژنامەنوس ؟

Published on September 21, 2009 by Peshraw Hameed   ·   1 Comment

ڕاگەیاندن لەفۆرمەکانى ( بینراو و بیستراو) دا یان لەفۆرمى بڵاوکراوەیى نوسراودا جگە لەوەى مومارەسەکردنى شێوەیەکە لەشێوەکانى دەسەڵات ، بەهەمان شێوەش لەکردارە پراکتیکیى یەکانى خۆیدا تەواوى دەسەڵاتەکان دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەو چاودێریان دەکات ، بەم پێوەرش ناوزەندکردنى ڕاگەیاندن بە ( دەسەڵاتى چوارەم ) لەکۆمەڵگە دیموکراسیە یەکاندا ناوزەندکردنێکى تەندروستانەیە و لەسیستەمى ( دیکتاتۆر ) یشدا دوا دەسەڵات ، دەسەڵاتى ڕاگەیاندنە یان ئەوەى لەهیچ کایەیەکدا جێگەیەکى نییە بۆ خۆ فەرزکردن خودى ( ڕاگەیاندن ) ە ، بەومانایەى ڕاگەیاندن کاتێک دەتوانیێت مومارەسەى دەسەڵاتى خۆیى بکات و بەردەوام بێت لە ڕوماڵکردن و بەشێوەیەکى پراکتیکى کار بۆ دروستکردنى بیروبۆچونى جیاوازبکات و شەقامێکى زیندو دروست بکات ، کە لە پانتاییەکدا هەناسەبدات کۆمەڵگاگەى هوشیارانە بەشدارى کاریگەربکەن لە چاودیرى کردنى دەسڵاتداو ئەوسیستەمى حوکمیان دەکات مل کەچى یاساکانى دیموکراسیەتێکى کامڵ بێت.

کارى ڕاگایاندن یان کارکردن لەڕاگەیاندندا وەک ئەوە وایە لەنێو جەنگێکى بێ کۆتادابیت و دەبێت هەمیشە ئامادەبیت بۆ ئەوەى ( گوللە ) یەک بتپێکێت ؟! ئەوەش بەو مانایەى نا کە کارکردن لەهەموو ڕاگەیاندنێکدا ماناى بەشدارى کردنبێت لەجەنگدا ؟ چونکە کارکردن لەڕاگەیاندنى حیزبى و ڕاگەیاندنى پاشکۆدا ساناترین کارى ڕۆتیناتى ئەو سەربازگە ئیعلامییە کەناوى لەخۆى ناوە ڕۆژنامەنوس ؟! بەڵام بۆ ڕۆژنامەنوسان و ڕۆژنامەى ئەهلى جەنگێکیى بێ کۆتایە و ڕۆژنامەنوس یان ڕۆژنامەى ئەهلى کاتێک دەجەنگى کە ڕاگەیاندنەکەى هى خەڵک و دەنگى خەڵک و سەکۆى ئەو کەسانەبێـت کە هیچ سەکۆیەکیان نییە دەنگى تێدا هەڵببڕن ، کەسێک بخوازێت بەمانا هەڵگرى شوناسى ڕۆژنامەونوسیى بیـَت ، دەبێت بەرلەهەموو شتێک بەرگى دوفاقیەت ڕاماڵێت و تەنها بەئیتیکى کارى ڕۆژنامەنوسیى لەمەیدانەکەدا بەردەوام بێت ، نەک وەک ئەوەى لەم دوایانەدا چەندین ڕوخسارى دەمامکدارى ڕۆژنامەنوسمان بینى کە تەنها بۆ دەرکەوتنێکى کاتى و لەسەر شاشەکان و دەسکەوتێکى مەعنەوى لەلایەن دەسەڵاتەوە سەنگەریان لە ڕۆژنامەئەهلیەکان گرت و دورلەئیتیکى زمانى کەسێکى ڕۆژنامەنوسى بێلایەن و بەهەگبەیەکى خاڵى خاڵى لەبەڵگەو دیکۆمێنتەوە هەرچى دەزگاى ڕاگەیاندنى ئەهلى هەیە بەجاسوس و فەوزەویى ناساندنیان ؟! ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆ دەبێت هەمیشە لەگەڵ هەڵگرتنى پەیامەکەیدا ئامادەیى هەبێـت بۆ هەڵگرتنى ئەو هەموو ڕێگرییەى کە دێتە ڕێگایى و ڕۆژانە دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەى ئەو هەمو بەرپرسە گرگن و نابەرپرسانەوە کەژیانى کۆمەڵایەتى و مەدەنیان شێواندوە و ( گەندەڵى ) یان لە دیاردەوە کردوە وەتە پرۆژەیەک و ڕۆژانە کار بۆ بەهێزترکردنى دەکەن .

کارکردنى ڕۆژنامە ئەهلى و ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆکان لەم پانتایە بێسەروبەریەى کوردستاندا لەنێوان سیستەمێکى دیکتاتۆرى ناکامڵ و دیموکراسیەتێکى ناتەندروستانەدا ، گەلێک سەختەو دەسەڵاتى کوردیش چەندین جار لەڕێگەى میدیا کانى خۆیەوە و لەڕیگەى ڕاگەیاندنەکانى حیزبەوە هێرشى بێ بەڵگەیانە دەکاتە سەر ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەهلیەکان و بەجاسوس پێناسەیان دەکات و لەڕێگەى چەند قەڵەم بەدەستێکى ( ستۆک ) ەوە دەیەوێت هەیمەنەى خۆى زیاتر فەرزیکات بەسەر سەرجەم کایە جیاجیاکانى کۆمەڵگاداو وێنەیکى ناشرین بەو قەڵەمانەبدات کەخاوەنەکانیان بە ( خوێن ) ى خۆیان لەدژى گەنەدڵى و ناعەدالتیەکانیان دەنگ هەڵدەبڕن و لەنائامادەبونى حیزبێکى ئۆپۆزسێونى ڕاستەقینەدا هەمان ڕۆڵیش دەگێرن، یەکێک لەهۆکارەکانیش تەنها ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆکان هەمیشە بونەوەرگەلێکى ناشرین و نەفرەتیبن لە دیدەى ( حیزب و دەسەڵات ) ەوە بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەنوسانەى کارى مەیدانى ئەنجام ئەدەن و خەڵک هوشیاردەکەنەوە کەزیاتر چاودیرى دەسەڵاتەکان بکەن و تەواى دەنگە پەرتەوازەکانیان لەکۆدەنگیى یەکدا یەک بخەن بۆملکەچکردنى دەسەڵات تابۆئەوەى شەفافانە کاربکات و بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسى مرۆڤەکان و بۆ هەر بڕیاردانێک لەسەر پرس و ئاریشە
قورسەکان ، بگڕێتەوە بۆلاى خەڵک و بیروبۆچونى خەڵکى بەهەند وەربگرێت.

سڵاو بۆ ئەوقەڵەمانەى خوێن یان لێدەچۆڕێت
سڵاو بۆ ئەو نوسەرانەى بەخوێن دەنووسنەوە
نەفرەت لەو قەڵەمانەى ملى شۆِردەکات بۆ گیرفانى خاوەنەکەى
نەفرەت لەو پەنجانەى قەڵەمێکى خۆفرۆش ڕادەموسێ

پێشڕەو حەمید

سه رنج و تێبینی (1)
  1. I simply want to mention I am just new to blogs and seriously enjoyed this page. More than likely I’m likely to bookmark your blog post . You amazingly have incredible well written articles. Thanks a lot for sharing with us your web site.