ئۆجەلان وئەردۆغان خاڵە هاوبەش وجیاوازەکان

Published on October 27, 2009 by Abdul aziz hashm   ·   1 Comment

هەریەک لەم دوو کەسایەتیە خاوەنی ئامانج وپلانی خۆیان بوون بۆ تورکیا هەریەکیشیان خاوەنی مێژوو وسیاسەتی تایبەت بەخۆیان بوون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەتورکیا عیلمانی تۆڕانی ،لەئەنجامدا هەریەکێکیان بەرەو ئەنجامی ئەم کاروپلانە کەوتنەڕێگا بەم پلان وئەجێندا جیاوازەی کە هەیانبوو بەرەو هەندێک لەئامانجە هاوبەشەکان،بەڵام وادیارە لەکۆتاییدا هەردووکیان خەریکە لەدووا خوڵگە بەیەکتر شاد دەبنەوە.ئۆجەلان بەر لە ئەردۆغان لەناو سیاسەت ناوی دەرکەوت ،ئەو بەشێوەیەکی جیاواز لە ئەردۆغان هەوڵی داوە تورکیا بگۆڕێت وماف نەتەوەکەی وەربگرێتەوە لەئازادی ومافی چارەنووس بۆیە پەنای بردە بەر هێزی چەکدارودروستکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئایدیایەکی مارکسیەوە،بۆئەوەی ڕووبەڕووی ئەم سوپا بەهێزەی تورکیا ببێتەوە،ئەوەبوو لەسەرەتای دامەزراندنی پەکەکە وە پەنایان بردە توندوتیژوخەباتی چەکداری چونکە وادیارە ئەو سەردەم زۆربەی نەتەوەکان بۆ سەندنەوەی مافی خۆیانپەنایان بۆئەم شێوازە لەخەبات بردووە،لەبەرامبەردا حکومەتەکانیش بەوپەڕی بێ بەزەییانە وەلامیان داوەتەوەو دەستیان لەهیچ نەپاراستوەبۆ سەرکەتکردنی ئەم شۆڕش وڕاپەڕینانەی کەدژیان ڕویداوە بۆیە سەرەنجام لەهەموو شەرێکی چەکداری هەروایە کە بەهێزترینیان ئەوەیە چەک جبەخانەو سەربازی زۆری هەبێت نەک ئەوەی مافی ڕەوای هەیە،لەجیهانی ئەوکات وئێستاش هەروایە ،تورکیا کە پێگەیەکی بەهێز بووە بۆئەمەریکاو ئەندامی ناتۆ بووە بەو ئاسانیە مل نادات بۆ بزوتنەوەیەکی چەپ کە بەهەموو پێوەرێک دژ بە ئەمەریکاو ناتۆبووە،بەتایبەت کە ئەوکات یەکێتی سۆڤیەت لەوپەڕی بەهێزیدا بووەو دوژمنی سەرسەختی بلۆکی ڕۆژئاوابووە.کەواتە سەرنەکەوتنی ئەم ڕەوتە چەکداریەی ئۆجەڵان بەپلەی یەکەم بۆئەم ئایدیایە دەگەڕێتەوە کە نەک هەر ئەو بەڵکو زۆربەی حیزبە کوردیەکانی باشووریش پشتیان پێ بەستبوو بۆ سەربەخۆبوون کەسەنجام ئەوەبوو هیچ بەرهەمێکی نەبوو.

ئۆجەلان ڕێگایەکی جیاوازی گرتە بەر بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی، لەلایەکی ترەوە ئەردۆغان ڕێگایەکی تر گرتە بۆ ئەنجامدانی گۆڕان لەتورکیا کە زۆ رگونجاوتربووسەرکەتووتر بوو،ئەو دەیەویست تورکیا بگۆڕێت لەولاتێکی سەربازیەوە بۆ وڵاتێکی مەدەنی کەتاوەکو ئێستا سەرکەتوو بووە ئەو دەیەویست هەموو نەتەوەکان بگەن بەمافی خۆیان بەڵام لەناو سنووری تورکیایەکی یەک پارچە کەهەوڵەکانی تاوەکو ئێستا بەردەوامن لەم ناوەندەدا نەتەوەی کورد وەکو دووەمین نەتەوە لەڕووی زۆریەوە لەتورکیا بەمافەکانی خۆی دەگات بەو شێوەیەی کە ئەردۆغان وئەکەپە مەبەستیانە،ئیتر ئەوە دەردەخات کە ئەو سەرکردەیە پەلەی نەکردووە وەکو ئۆجەلان ،هەروەها زۆر بەووردی وهێمنی دەیەوێت بارودۆخی دیموکراسی تورکیا بەسەقامگیری بمێنێتەوەو لەگەل ئەوەشدا گۆرانکاریەکان ووردە ووردە وبێ پەلەکردن بخزێنە ناو کۆمەلگای تورکی،کە هاوکاتە لەگەل ئەم گۆڕانکاریەی جیهان ،ئۆجەلانیش دەیوست گۆڕان بکات بەلام بەشێوەیەک کە کورد جیابێتەوە لەتورکیایەکی بەهێز ،نەک لەگەل تورکیایەکی بەهێز بمێنێتەوە بێگومان ئەوەی ئێستا بۆکورد هاتۆتە پێش هیچ کاتێک بەم شێوەیە نەبووە،کاتێک ئۆجەلان لەزیندانەو پارتەکەی لەقەندیل وکەمپەکانی عیراق وئەوروپان ،ئەوەی ئێستا بۆیان ڕێککەتوووە ئەگەر ئەوکات ڕێک کەوتبا بێگوومان ئەوانیش پەنایان بۆ ئەم خەباتە چەکداریە نەئەبرد بەلام کاتێک دوژمنت سەرسەختێکی وەکو نەتەوە پەرستەکانی سەچەپەو مەهەپە دەبن ئیتر تۆ هیچ بوارێکی تر لەبەردەمدا نامێنێتەوە،بەلام ئەردۆغان چۆن لەم نێوەندە پێگەیشت چۆن لەناو کۆمەلگایەکی ئاخنراو بە گیانی نەتەوەپەرستی هاتە بوون بەم ڕاستگۆییەوە بیەوێت گەورەترین کێشە چارەسەر بکات،بێگومان ئەوە پێویستی بەلەسەر ڕاوەستان هەیە،چونکە ئەو بووە بەرزگارکەری تورکیا ،بێگومان ئەگەر تورکیا دیموکراسی نەبوایە ئەم پێنەئەگەیشت بەم شێوەیەو نەئەگەیشت بەم پلە بەرزە،بێگومان ئەردۆغان کەسێکە هەموو تورکیەکان باش دەیناسن کەلەسەرچ پەروەردەیەک پێگەیشتوەو لەدونیا شارراوە نیە ،ئەی چۆن ڕێگای پێدرا کەسێکی ئیسلامی بەم جۆرە پێبگات بێگومان ئەوە زۆر لە بوونی یوسف دەچێت بۆ میسری سەردەمی فیرعەون ،چونکە تۆ کاتێک فریادڕەسی کۆمەلگای خۆت دەبیت ئیتر هەرچی لەهەگبەت دا بێت ئەوکات قبول دەبێت،لێرەدا سەرکەتوویی هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکان گەورەترین پالپشتە بۆ ئەم پرۆژەیەی کەئەو هەڵیگرتووە.

ئەمڕۆ کە خاڵەکانی بەیەک گەیشتنی نێوان ئەم دوو سەرکردەیە لەیەکتر نزیک بۆتەوە،لەبەر ئەوەی کەڵێنەکان کەم بوونەوە لەنێوانیاندا،چونکە ئێستا هەم کوردوتورکیش بەم باوەڕە گەیشتوون کە تاکە چارەسەر پەنای بۆببەن ئەوە ئاشتیە،کە تیایدا هیچ لایەنێک زیان ناکات بەڵکو هەردوولا چانسی ئەوەیان بۆدەڕەخسێت کە لەیەکتر بگەن بزانن ئەوەی تر چی لەو دەوێت،کورد بۆیان ڕون بۆتەوە کە ئەوە سەردەمێکی جیایە وتورکیاش بۆی دەرکەتووە کە ئەوەی سوودەمەندە لەم جەنگەی نێوان گەریلاو جەندرمەکان هیچ لایەکیان نین جگە لەبازرگانەکانی شەڕو چەک فرۆش و جەنڕالە پارە خۆرەکان.هەروەها تورکیا بۆئەوەی بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپا پێویستی بەوەیە کەیسی کورد ومافی مرۆڤ لەتورکیا چارەسەر بکات،ئیتر بۆکوردیش ئەمڕۆ ئەوەندە بەسە کە ببنەخاوەنی ڕژێمێکی دیموکراسی مەدەنی وچانسی چارەسەرکردنی کێشەیان زیاتر بێت،لەم نێوەندە هەردوو سەرکردە ئەگەرچی بەڕێگای جیادا ڕۆیشتن بەلام واپێدەچێت بەیەکەوە هەنگاو بنێن وتاڕادەیەکیش لەیەکتر نزیک ببنەوە کە تاکە چارەسەر گەیشتنە بە یەکتر لەناوەڕاستی ڕێگادا،وەهەریەکێکیان ئەبێت کەمێک بۆئەوەی تر تەنازول بکات لەپێناو ئامانجی گشتیدا .ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان وسووربوونی لەسەر کرانەوەی بەڕووی کورددا بەردەوام بوونی لەسەر ئەم ڕیتمە تاوەکو هانی ئاپۆ بدات ئەویش باوەڕی پێ بکات وهانی گەریلا بدات ئەوانیش لەشاخە بەرزەکانەوەبێنەوە ناو تورکیا بۆ سەلماندنی نیەت پاکی خۆیان بۆ یەکتر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەگەریلا بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتن وپێشوازیان لێکراو لەلای دادگاوە ئازاد کران کەبچنە ناو تورکیا ئەوە بۆخۆی گەورەترین هەنگاوبووکەتورکیا بەرەو پیری ئاشتی ئەنجامی دا،بەڵام ئایا ئاپۆ چۆن بڕوای بەم هەنگاوانەی ئەردۆغان کرد وادیارە ڕاستگۆیی ئەکەپە لەناو زیندانیشدا ڕەنگی داوەتەوە،ئیتر بەم شێوەیە ئەم دوو سەرکردەیە خەریکە هێلە سوورەکانی نێوانیان کەم دەبێتەوە بەو هیوایەی سوپا دەست هەلگرێت لەئۆپەراسیۆنەکانی وگەریلاش لەشاخەکانەوە بەرەو شارەکان بکەونە رێ سەرۆکی پەکەکەش ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی کورد بەئازادی لەگۆڕەپانی تورکیا کاری سیاسی بکات وگشت مافە کلتورییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت،لەناو تورکیایەکی یەکپارچەو دیموکراسی وفرەنەتەوە.کە تیایدا هەردوو سەرکردە ڕەنج وخەباتیان بەفیڕۆ نەڕوات لەژێر پۆستالی وسوپاو وبێ متمانەیی گەریلادا.

عبدالعزیزهاشم

سه رنج و تێبینی (1)
  1. I simply want to mention I am beginner to blogs and absolutely liked your web site. More than likely I’m going to bookmark your website . You really come with very good writings. Thanks a lot for sharing with us your website page.