پەکەکە: زۆر نیگەرانین بە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان

Published on May 11, 2010 by galikurd   ·  

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە، ئەحمەد دەنیز راگەیاند “تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس و خوێندکاری لاو سەردەشت عوسمان، هەوڵێکی نامرۆڤانە و زۆر ناشیرین و دوژمنکارانەیە. ئەو روداوە پەکەکەی نیگەرانکردووە و هاوخەمی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم رادەگەیەنین.”
دەنیز کوشتنی سەردەشت عەزیزی رۆژنامەنوسی بە هەوڵێک نیشاندا بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا. هاوکات ئەو روداوەشی بەستەوە بە روداوەکانی باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە چۆن لەوێش رۆژنامەنوسان و چالاکووانانی کۆمەڵگەی مەدەنی روبەڕوی کوشتن و گرتن و تێهەڵدان دەبنەوە.

کوشتنی سەردەشت عوسمان تەواوی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانکردووە و هەمووان داوای دۆزینەوەی بکوژان و رادەستکردنیان بە دادگایەکی عادیلانە دەکەن.

دەنیز ئەوەشی خستەڕو “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی ئاساییش هەولی جدیی بدەن بۆ دۆزینەوەی بکوژان. نەدۆزینەوەی بکوژان، نیگەرانییەکان زیاتر دەکات، چونکە ناکرێ لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستان بەو جۆرە رۆژنامەنوسێک بڕفێندرێت و دواتریش تیرۆربکرێت.”

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنوسی ئازاد و خوێندکاری دووا قۆناغی کۆلیژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین لە بەشی زمانی ئینگلیزی، هەفتەی رابردو لەبەردەم کۆلێژەکەی رفێندراو و دواتر بە کوژراویی لە موسڵ لاشەکەی دۆزرایەوە.

سه رنج و تێبینی (0)

Comments are closed.