بزووتنەوەیەك لە ژێر پرسیار و ، باسێك بۆ لێکۆڵینەوە

Published on January 5, 2011 by nawzad sherdll   ·  

بەدەر لە دەیان شۆرت فیلم و ، کتێب و دۆکیمێنتری ، یا لە سەدان ئارگۆمێنت و چاو پێکەوتن ، یاخوود گفتووگۆی چڕی سەر ڕایدیۆ و ، تیڤیەکانی جیهان ، سەرباری تابوورێك ئارشیفە سووراخی ، قەبە و لە بن نەهاتووی ، تەواوی دەزگا میدیۆلۆژیە ، فرە زمانەکان دەرهەق بە بزووتنەوەی – ڕایڵیزم – ، ئەم کورتە نووسینە نوێیەش سەرباریان ، زادەی کۆڕێکی دەگمەنی ، نزیکی چواردە ساڵ لەمەو بەرە ، چوون – مونازەرەیەکی – زانستیی و نیمچە ڕۆحانیی ، زانکۆی هەرێمی – کیبێك – ی ، سەر بە ووڵاتی کانەدای فێدرالە ، کە خۆم وەك قووتابیەکی – گوێگر – ، بینیم کۆلیژی فەلسەفە بە ئامادە بوونی ، زۆرێك لە پیاوانی ئاینیی و ، زانایای فیزیکیی و میسیۆلۆژیی و هتد .. ، بۆ مسیۆ – کلود . م . م . فۆریلۆن – ی ، دامەزرێنەر و باوکی ڕۆحیی ، ئەم بزووتنەوەیە سازیان دابوو ، – کلود مۆریس مارسێل – ، خاوەنی وێنەی سەرەوە ، لە دایك بووی ساڵی ١٩٤٦ ی فەرەنسایە ، ئەو وەك ئاشقێکی کەم هاوتای سرووشت ، بەر لە دامەزراندنی بزووتنەوەی – ڕایڵ – یزم ، پسپۆڕێکی گەنجی گۆرانی بێژ و ، میوزیك ژەن و ، تەکنیك ناسی ناو ئستۆدیۆکان ، هاو کات لە پاڵ کاری جۆڕنالیستیشدا ، ساڵانێکی زۆر یەکێك بوو ، لە ئەستێرەکانی جیهانی هەردوو پێشبڕکێی ، ئۆتۆمۆبێل = ڕاڵی و ڕەیسین ، کلود خاوەنی دوو میدڵی ئاڵتوونیە لە فیستیڤاڵی ، – ڕینۆڵت – ی فەرەنسیدا ، کە دووا جار وەك ئەمەکێك ، بۆ خۆشەویستیی سرووشت و ، پاراستنی ئۆزۆن لە ژەهری ، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ، کە زۆربەیان زادەی مافڵەری ئۆتۆمۆبێلەکانن ، ئەوە بوو لە نمایش و کۆنفراسە گەورەکەی ڕاڵی ، ١٩٧٠ ی – مۆنتی کارلۆ – دا ، ڕینۆڵتەکەی خۆی سووتاند و ، بۆ یەکجاریی وازی لەم جۆرە وەرزشە هێنا ،

____________________________________

ئەمشەو دوای نزیکی چواردە ساڵ ، لە چەند لاپەڕەیەکی کۆن و ، چرچ و لۆچی ئارشیفە پەرش و بڵاوەکەمدا ، ئەم نووسینەم بە قەڵەمی خۆم دۆزیەوە :- هۆڵی کۆلیژی فەلسەفە و ماڵتی کاڵچلەر ، لە زانکۆی کیبێك جمەی دەهات ، پیاوێکی باڵا بەرز و ، بەرگ سپی دامان ، قژ و ڕدێن کەمێك ماش و برنجیی ، لوول و درێژ ، لە ژێر تیشکی پڕۆجیکتۆرێکی خەواڵوودا دەرکەوت ، ئەوە – کلود – بوو ، یاخوود هەر وەك لە جیهاندا ، بە پەیامبەرێکی ماتریالی بانگ دەکرێت ، ( ڕائیڵووا ) – ڕایڵ – ی – ئێڵووا – خۆی بوو ، میوانەکان سێ بەشن ، بڕێکی زۆر کەمی ئیماندارە تووندەکان ، بە هووها کێشان و ، زۆرینەی میوانە ئاساییەکانی وەك منیش ، بە چەپڵەیەکی ئاسایی باو و ، تەواوی شوێن کەوتووانی بزووتنەوەکەشی ، بەرزە و پێ و چاو بە فرمێسك ، لەگەڵ هاژەی چەپڵەیەکی ، نیمچە هیستریانەدا ، پێشوازیان لێ کرد ، ئەوان هاواریان دەکرد :- نوورێکی زۆرت هێنا ، ئەی – ڕایڵ – ێکی تری – ئێڵووا – ، = ئەی پەیامبەرێکی تری خوودا . ئەڵا ، – ڕایڵ – بە فەرەنسیی دەدووا و ، وەرگێڕەکانیش بۆ زمانی ، هەموو ئامادە بووانیان دەگواستەوە ، سەرەتا ڕووە و ئاسمان چاوەکانی داخستبوو ، لۆگۆ مادالیاکەی سەر سنگیشی ، کە سیمپوڵی بزووتنەوەی ، یا مەزهەبی – ڕایڵیزم – بوو ، لە ناو هەردوو لەپی دەستیدا ڕایگرتبوو ، خۆ ئەگەرچی ساڵانێکی پێشتر ، چوون هەر بزووتنەوە و ئایین و مەزهەب و ، فەلسەفەکانی تر ، بەشێکی زۆری بۆچوونە ، ئاڵۆزەکانی ئەمانیش بەڵەد بووم ، بەڵام نزاکانی ئەو چێشتەنگاو وەختەی ڕایڵ ، بۆ من و زۆرینەمان نامۆ و نوێ بوون ، هەوادارەکانی لەگەڵ هەموو لێو جووڵاندنێکی ئەودا ، بە یەك نەزم کۆمەڵێك ڕستەی نزا ئاسایان دەووتەوە :- ( ئەی ئێڵووا گەورەکان ، زانا و خووڵقێنەرە سەروەرەکانی ئێمە ، سوپاس بۆ ئەو باڵیۆزانەی ، نێو – یو . ئێف . ئۆ – کانتان ، کە هەر ئێستا لە بەرزاییەکی نەبینراوەوە ، لەگەڵماندا ئامادەن ، سوپاس بۆ ئەرکی پیرۆزی هەزاران ساڵەی ، نێو تاقیگاکانتان ، کە جگە لە ئێمەی مرۆڤ ، ئەرکی خووڵقاندنی ، تەواوی ڕۆح لە بەرەکانی تری ، سەر ئەم هەسارەیەشتان ، لە ووشکایی و دەریاکاندا گرتۆتە ئەستۆ ، تکامان لە ئێوەی گەورە زانای بێ وێنە ، هەر داواکارییەکانی جارانی باو و باپیرانمانە ، تکایە لە شەڕی ئەو – شەیتانانە – بمانپارێزن ، کە مەبەستیانە فەساد و ئاژاوە ، بخەنە ناو مێشکی گەنجەکانمانەوە ، ) ، هەواداران دووای ووشەی – ئەیمین – دانیشتن و ، ڕایڵ پێڵووی نیگای بە نەرمی هەڵهێنا :- ڕۆژتان باش ، ئەی سیمپووڵاییزە خووڵقێنراوەکانی ، هاوشێوەی ئێڵووا زانا گەورەکان ، مەبەستم لەو زانا بلیمەت و ، پزیشکە کەم وێنانەی ، نێو تاقیگا دوورەکانە ، ڕایڵ بێ هیچ زیادە پێشەکیەکی تر ، کەوتە باسی ئەو ڕووداوە هەرە گرنگەی ، کە سەدان کەس چاوەڕێی بیستنی بوون :-

__________________________________

عەسرێکی خامۆش ، زستانێکی پڕووشە نەرمی ، ساڵی ١٩٧٣ بوو ، هەروەك پیشەی هەمیشەییم ، بە بێ جیاوازیی وەرزەکان ، لەگەڵ جوانیەکانی سرووشتدا پیاسەمان دەکرد ، هەمان ئەو گوێ ڕووبار و ، بناری چیایەی دوور لە پاریس ، ناوچەی – مۆنتاسێ – ی پیرۆز ، ئەوی لە کتێبەکانمدا ، لە چاو پێکەوتنەکانمدا ، هێمام بە ناوە فەزاییەکانیان داوە ، دەفرێکی فڕیوو = یو . ئێف . ئۆ . یەك ، بە دووری پەنجا مەترێك ، لە پشتمەوە نیشتەوە ، ئەوە ئۆفیسێکی بازنەیی و ، فوول تەکنەلۆژیا ڕێژی ، نێردراوی سەروو تر بوو ، زۆرێك لە ڕادارەکانی ئەو کاتەی فەرەنسا ، حاشایان لە بوونی دەفرێکی تری ، بڵندی سەروو هەورەکان کرد ، کە میدیاکانی پێنج ووڵاتی تر ، لە سەروویانەوە سۆڤیەتیش ، هەر ڕۆژێك دوواتر وێنەکەی بڵاو کردەوە ، من نە ئەلکەهۆڵ دەخۆمەوە و ، ماددەی بێ هۆش کەریش ، هەرگیز بە کار ناهێنم ، بینینی ئەو دەفرە بچووکە ، کە قەوارەکەی نزیکی هەشت مەتری چوار گۆشە و ، بەرزاییەکەشی نزیکی چوار مەترێك دەبوو ، ترسێکی گەورەی خستە دڵمەوە ،
دوای چەند خوولەكێکی کەم ، کە پێ دەچوو فلاشی بەردەوامی دەفرەکە ، سکانی هەر جووڵەیەکی دارستانەکە ، بە تیشکی سەروو سوور ڕووماڵ بکات ، پلیکانەیەکی ئەلکترۆنی کرایەوە ، گەنجێکی ڕوو گەشی ، تەمەن نزیکی خۆم ، زۆر بە هێمنی دابەزییە خوارەوە ، ئەو لە ڕووی بۆدی تەکنیکەوە ، هیچ جیاوازییەکی ، لەگەڵ مرۆڤەکانی سەر زەویدا نەبوو ، بەڵام تا بڵێی هێوور و ، بە حیشمەت و تەندرووست دەینواند ، دوای چەند پەیڤێکی پرسیار ئاسا ، کە پێ دەچوو هەوڵی هێمای زمانگەلێك بن ، بۆ لە یەکتر تێ گەیشتمان ، وە دوای بێ هوودەییەکی ، هەشت . نۆ خولەك خایەن ، ئەو بە چەند جووڵەیەکی دەستی ، خووڵقی چوونە ناو دەفرەکەی خۆی کردم ، ئەمە سەرەتای ئەو گەشتە بوو ، کە لە چەند چاو ترووکانێکدا ، خۆمم لەو فەزا ئێجگار دوورەی کەون دا بینیەوە ، کە دەیان جار لە فیلمەکاندا بینیبوومن ، گەنجەکە کە سەراپای ترسەکانمی دەخوێندەوە ، زۆر لەسەر خۆ لە سەر کورسییەکی ، نزیك ئەو شوێن کۆنتڕۆڵەی خۆی تێیدا پایڵۆت بوو ، داینیشاندم و بە ئامێرێکی بچووك و ، تیشك شینی دەستی ئێکسی هەموو جەستە و کاسەی سەری گرتم ، ئەو کارە ئارامیەکی زۆری پێ بەخشیم ، ئەو پاش دەیان پەیوەندیی بە شوێنی نادیارەوە ، ژمارەیەك وەڵامم لە کۆمپیوتەرەکەی بەر دەمیەوە دەبیست ، لە ناو وەڵامەکاندا ، دەیان جۆر زمانی جیاواز هەبوون ، ئەوی زۆر بەختەوەری کردم ، لە ناویاندا گوێم لە چەند ڕستەیەکی یۆنانیی کۆن و ، عیبریی و ، فەرەنسی بوو ، دەست بە جێ چەند وەڵامێکی شپرزەی ، دەنگە فەرەنسیەکەم دایەوە ، لەوە بە دووا بە درێژایی ڕێگاکە ، کە پێوانەکانی جوگرافیا و زەمەن ، تێیدا دیار نەبوون ، لەگەڵ دەنگە فەرەنسیەکەدا بەردەوام قسەمان دەکرد ، دەنگەکە هەر لە چیرۆکی هەزاران ساڵ ، بەر لە شتێك بە ناوی ئەوروپاوە ، تا دەگاتە چۆنێتی جیا کردنەوەی ، تاقە یەك قاڕە ، بە ناوی ووشکایی ، کە ئەو خووڵقێنەرە مەزنانە ،خۆیان جیایان کردبۆوە ، بە ووردیی زانیاریی دەدامێ ،

_____________________________________

زۆرێك لە میوانانی هۆڵی کۆلیژ ، بەر لە وادەی پرسیار و وەڵام ، بە ڕێژنە پرسیاری جیاواز ، قسەکانیان بە ڕایڵ دەبڕی ، بەڕێوەبەری کۆڕ پەیتا پەیتا ، داوای هێمنیی دەکرد ، ڕایڵ بە هەمان گووفتاری نەرمیی ، وە جار جار پشت بەست ، بە دەیان نموونەی ئایەت و ، نووسراوە ئاینیەکانی ، ناو سەرجەمی کتێبە پیرۆزەکانی ئاسمان و ، چیرۆك و قسەی پەیامبەران ، لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو ، جار جاریش وەك ئەوەی ، گوێ بۆ دەنگی کەسێکی نادیار بگرێت ، ڕوو لە ئاسمان کەمێك بێ دەنگ دەبوو :-

_____________________________________

دەنگە فەرەنسیەکەی ناو کۆمپیوتەری دەفرەکە ، پێی گووتم :- لەم ساتەوە بە دووا ، ناوی تۆ لە – کلود – ە وە دەگۆڕدرێت بە – ڕائیڵووا * – ، وە دەتوانیت ئەو هاوڕێ = هاوڕێگایەشت ، بە – غێبرائیڵووا – بانگ بکەیت ، کە لە واتای ئەو دوو ناوەم لێ پرسیی ؟! ، پێی ووتم ڕائیڵ واتا – بەندە پەیامبەرێکی خوودا و ، غێبرائیڵووا ش واتا ، بەندە فریشتەیەکی خوودا ، ( * تێبینی :- کلود لە یەکەم کتێبیدا نووسیویەتی ، خەڵکەکەی سەر زەوی ، ئەو ناوەمیان کورت کردەوە بۆ ڕایڵ ) ، زۆری نەبرد ، وەك ئەوەی هێزێکی موگناتیزیی ، هەوڵی بەرەو دوواوەوە ڕاکێشانمان بدات ، نزیکی نیو کاتژمێرێك بەم شێوەیە ماینەوە ، دەنگەکە گووتی :- ئێستا خێرایی ئێوە ، لە دوو هێندەی خێرایی تیشکەوە ، گۆڕدرا بۆ خێراییەکی ئاسایی ، لە دەلاقەی نێوان هەورەکانەوە ڕووانیمە خوارەوە ، بینیم گەیشتبووینە مەملەکەتێکی ئێجگار بەر فراوان و سەوز دامانی دڵگیر ، لەوێ وورد و درشتی ، دانیشتووانە لە بن نەهاتووەکانیان ، بە سەرجەمی ئاژەڵ و ، پەلەوەر و زیندەوەر و ، تەنانەت درەخت و ڕووبار و ، ئۆکسجین و ڕووناکیی و ڕووەکەکانیشیانەوە ، ڕێك لەوانەی ئێمەی مرۆڤ و ، هاو نشینەکانی سەر ئەم هەسارەیەی ئێمە دەچوون ، ئەوی لەوێ بوونی نەبوو ، کار کردن و خەستەخانە و نەخۆشیی و ، باکتریا و ڕۆح لەبەری پەککەوتە و ، کەمئەندام بوو ، نەبوونی پارە و بازاڕ و مامەڵەی کاڵا و ، بینای بڵند و دووکەڵ و قەرەباڵغیی بوو ، تاقە دوو دیاردەی زۆر سەرنج ڕاکێش ، یەکەمیان لە ئاسمانەوە بە ئاشکرا ، دەیان جێ فڕین و نیشتنەوەی ، زۆر مەزن ، یان بچووکی دەفرە فڕیوەکان = یو . ئێف . ئۆ . ، لە شێوەی هەرە مۆدێرن ترین ، فڕۆکە خانەی خاوەن دووا زانستی تەکنیك و ، لووتکەی تەقەنییات خوازیی ، دوور لە ناوجەرگەی شوێن گووزەرانەکان دەبینران ، هەرچی دیمەنی هەرە سەر سووڕ هێنەر و ، شۆك سازیی دووەمیش بوو ، بوونی دەیان لەبرەتۆر = تاقیگای ، سەر چیا دوورە دەستەکان بوون ، کە بە گەشتی ناو هەندێك لەو تاقیگایانە ، سەرباری بوونی ، ئەو سوپەر زانستی ، تەکنەلۆژیا فرە چەشنانەی ناویان ، یاخوود بە بینینی بچووك ترینیان ، کە ڕووبەری هەر یەکیان دەگەیشتە ، نزیکی پانزە بۆ بیست ، مۆڵی هەرە مەزنی ناو پاریس ، هاوکات وەك جیاوازی ، پێوانەی قۆناخی پێشکەوتوویی ئەوانیش ، بە هەرە پێشکەوتوو ترین تاقیگای سەر ئەم زەمینەی ئێمە ، بە ئاشکرا هەست بەو هەقیقەتە ڕەهایە دەکرا ، کە قۆناغی وورد ترین ئەزموونی ئەوان ، بەرامبەرە بە نزیکی دووای هەزار ساڵ ، باڵا ترین ئەزموونی ئێمە ،

_______________________________

من سەدان جار ، باسی ئەرك و فرمانەکانی ، ناو ئەو تاقیگایانەی ئەوانم کردووە ، کە گرنگیی سەرجەمی گەشتە ، زەمەن و جێگا نادیارەکەم بۆ ئەوێ ، تەنها و تەنها لە پرسی هەرە ناخ هەژێن و ، وەڵام قوورسدا خۆی دەبینێتەوە ، بۆیە زۆر بە مووختەسەریی دەیڵێمەوە ، کە شان بە شانی هاوڕێکەی ، ناو دەفرەکە ، هاوکات هەموو فریشتە زانا و بلیمەتەکانی تریش ، بەشێکی زۆر کەم و ، بە ڕێژەی تێگەیشتنی زیهنی سنوور داری منیان ، لەو پڕۆسە ئێجگار ئاڵۆز و ، گرنگەی ناو تاقیگا فیزیکیی و کیمیکڵی و ، فیسیۆلۆژیەیان نیشان ئەدام ، کە ئەوان ، مەبەستم لەو – ئیڵووا – سەروو بلیمەت و ، داهێنەرە خوڵقێنەرانەی ئێمە ، بەردەوام لەو تاقیگا پیرۆزانەیاندا ، سەرقاڵی هێنانە کایەی ، گیان لە بەری نوێ تر و ، ڕووەكی بە سوود تر و ، زیاتر ئۆرگەناییز کردنەوەی سرووشتی ئەتك کراوی ئێمە و ، زۆر ئەستێرەی ژیان لەسەری تر بوون ، کە ناوی هەندێکیانم لە کتێبەکانمدا تۆمار کردوون ، بەڵێ کاری ئەو گەورە زانا و ، پزیشکە پسپۆڕە خووڵقێنەرانەی ئەوێ ، بریتی بوون لە زیاتر ، فۆرمەلاییزە کردنەوەی ژیرانە تری ، بیمەی کۆمەڵایەتیی نیمچە هەڵتەکیومان و ، زیاترییش هەوڵی بە مەنزڵی بەختەوەریی گەیاندنی ، گووزەرانی ئێمەی مرۆڤی سەر ئەم هەسارەیە و هەزاران هەسارەی دووری تر ، ئەوان هەموو ئەم دیمەنانەیان ، وەك ماسیج پێ دەنووسیمەوە ، منیش ئەوەتا کردمنە ئەم کتێبە هەرە گرنگانەی بەر دەستتان ، هیوادارم بە ووردیی بیان خوێننەوە و ، وورد تریش لێیان تێ بگەن ،

_______________________________

ئەم نووسینەی سەرەوە ، کورت کراوەی زیاد لە پێنج کاتژمێر ، قسەی مەسنجەر و ، دامەزرێنەر و باوکیی ڕۆحیی بزووتنەوەی – ڕایڵیزم – ، مسیۆ – ڕایڵ – بوون ، کە سەرباری ئەوەی سیمینارەکەی لە کاتی یەکی شەو کۆتایی هات ، بەڵام بە هۆی شەپۆلە پرسیاری میوانەکانی هۆڵەکەوە ، باس و خواس گەییشتە نزیکی ، کازیوەی ئەو بەیانییە ، هەڵبەتە خوودی خۆم ، بە چەندان بۆچوون گل دانەوەی باسەکەشەوە ، بەڵام ڕاستییەك کە ئیجگار جێی سەرنج و ، تێبینی زۆربەمان بوو ، بینیمان و پرسیمان ، داخۆ بە پێچەوانەی ، شێوازی پێشوازیی سەرەتاوە ، چۆن ڕایڵ تووانی ، هەر بەو هێمنییەی خۆی و ، پاش وەڵام دانەوەی بێ هیچ هیلاکەتی ، دەیان پرسیاری ئێجگار قوورس ، ئا بەو شێوەیە و ، لەگەڵ شەفەقی بەرە بەیاندا ، تەواوی میوانەکان ، بە چەپڵە ڕێزانێکی زیاد لە خوولەکێك ، هەڵبسێنێتە سەر پێ ؟!! ،

_______________________________

تێبینی :- – ڕایڵ – لەو گەشتەی ، دیسەمبەری ساڵی ١٩٧٣ ی ، ناو دەفرەکە ، پاش – سی و نۆ – ڕۆژ ، لە هەمان جەنگڵ و ، هاوشان بە هەمان گەنجی ناوبراو – غێبرائیڵووا – ، هێنراوەتەوە بۆ سەر زەوی ، ئێستا بزووتنەوەی – ڕایڵیەکان – ، سەرباری فەرەنسا ، لە ٤٨ دەوڵەتی تری جیهاندا ، تەمپڵی تایبەتییان هەیە ، خۆیشی لە زێدی باوانی خۆیدا و ، هەر لە فەرەنسا وەك مرۆڤێکی ڕووەکیی – ڤیجیتریان – ، بە تەندرووست ژیانی خێزانیی و ، کۆمەڵایەتیی سادە و ساکار دەباتە سەر ،

نەوزاد شێردڵ

سه رنج و تێبینی (0)

Comments are closed.