په‌یامی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی کوردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پارلمانیه‌کەی تورکیا دا

Published on June 14, 2011 by PADK KURDISTAN FREEDOM AND DEMOCRACY PARTY   ·  

بەڕێزان لە بەرەی ڕەنج، ئاشتی و دێمۆکراسی!

هاوڕێ لە گەڵ سڵاوی برایەتی و یەکبوون

بە بۆنەی هەڵبژارنی پارلمانی و سەرکەوتنی بەرچاوی کوردان لە کوردستانی باکوور گەرم و گەشترین سڵاوی برایانەی ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان – پادک قەبوڵ بفەرموون. گومانی تێدا نی‌یە کە سەرکەوتنی ئەم جارە بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵەی نەتەوەی کوردە لەم پارچەیەی کوردستان لە پێناو بە ڕۆژ کردنەوەی دۆزی ڕەوای کورد و گەیشتن بە ماف و ئازادیەکان.

وەک ئاشکرایە ڕەوتی ئازادی و دێمۆکراسیخوازی ڕۆژ بە ڕۆژ پاشەکشە بە دیکتاتۆر و ڕێژیمە خۆسەپێنەکان دەکات و نەتەوە ژێر دەست و ماف پێشێلکراوەکان بەرەو ئاسۆی ڕزگاری هەنگاو دەنێن. نەتەوەی گەورەی کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستانی مەزن دا دەیان ساڵە بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکان دەستیان داوەتە خەباتێکی بێ‌پسانەوە و لەم پێناوە دا دەریایەک خوێنیان بەخشیوە، ماڵیان کاول بووە و پێدەشت و مەزرا و شار و لادێکانیان وێران کراوە، بەڵام لە بەرانبەر دا بۆ ساتێکیش ئۆقرەیان نەگرتووە و دەستیان لە تێکۆشان هەڵنەگرتووە.

نەتەوەی کورد لە کوردستانی باکوور سەدان ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمە یەک لە دوا یەکەکانی تورکیا دا بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکوژرێن، ماڵ و مڵکیان کاول دەکرێت، کار دەکرێت بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییان و یاسا و ڕێسای تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی وەک یاسای ١٠% دەکەن بە کۆسپ و بەربەست بۆ بە چۆک داهێنانی کوردان بە ڕێگای قانونی، بەڵام پێداگری و یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەی کورد لە کوردستانی باکوور لە پێناو وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکان، سەرجەم ئەم بەربەستانەی تێکشکاند و ئەو راستیەی سەلماند کە هێز لە یەکێتی و یەکبوون دایە.

خەباتی ئاشتیخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی باکوور ساڵانێکی دوور و درێژە بەردەوامە و زەحمەت و ماندوبونێکی زۆری بۆ دراوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، بە خۆشحاڵیەوە ڕنج و ماندوو بوونی چەندین ساڵەی نەتەوەکەمان لە کوردستانی باکوور نەک بە خەسار نەچوو، بەڵکوو ئەم بزوتنەوەیە ئەمڕۆ لەوپەڕی بەهێزیی خۆی دایە و ڕەوتی ڕووداوەکان لەم پارچەیەی کوردستان دا بە قازانجی نەتەوەی کورد دەچنە پێش، گومانی تێدا نی‌یە کە لە دەستدانی بچوکترین دەرفەت گەورەترین تێکشکانی بەدواوە دەبێت بۆ نەتەوەی کورد و دۆزە ڕەواکەی. هەر بۆیە دەبێ زۆر وشیارانەتر لە پێشوو هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و کەڵک لێوەرگرتنیان لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد لەم پارچەیەی کوردستان دا. پێویستە بگوترێ کە ئەم سەرکەوتنە سەرەتای کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی تواندنەوە و قڕکردنی نەتەوەی کورد و بە ڕۆژ کردنەوەی دۆزە ڕەواکەی.

بۆ جارێکی دیکە و بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە مەزنە “پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان” پیرۆزبایی دووبارەی خۆی لە نەتەوەی گەورەی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەرچاوتر بۆ نەتەوەی کورد لە کوردستانی باکوور بە ئاوات دەخوازێت.

ئەنجومەنی سەرۆکایەتی

پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان – پادک

٢٤ی جۆزەردانی ٢٧١١

١٤ی ژوئەنی ٢٠١١

سه رنج و تێبینی (0)

Comments are closed.